بە پاڵپشتیی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و شاندی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، سێیەم وۆرک شۆپ لە زنجیرەیەک لە پێنج وۆرکشۆپ سەبارەت بە تەکنیکەکانی کۆکردنەوە و شیکارکردنی بەڵگەی تاوان ڕێکخرا بۆ باشترکردنی کارامەیی تەکنیکی و توانای لێکۆڵینەوەی ئەفسەرانی چەسپاندنی یاسای وەزارەتی ناوخۆ لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. شارەزایانی ئەوروپی ئەم ڕاهێنانەیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی دوو ساڵە ئەنجامدا بە ناوی "CT JUST" کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پارەدار دەکرێت، دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ شاندی یەکێتی ئەوروپا چالاکانە سەرقاڵی دڵنیایی کردنەوەیە لە جێبەجێکردنی کاریگەر و کارای ئەم بەرنامە گشتگیرە.
داوامان لە ڕاوێژکارە ستراتیژییە باڵاکانمان کرد سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە ڕاوبۆچوونی خۆیان باس بکەن لەسەر پرۆسەکە هەتا ئێستا:
بەرنامەی CT JUST چۆن بەشداری دەکات لە باشترکردنی لێهاتووییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟
بەرنامەی CT JUST گرنگی بە بەهێزکردنی زنجیرەی چەسپاندنی یاسا دەدات. ئەمەش بۆ بنیاتنانی کەرتێکی ئەمنی بەهێز و دادپەروەر و کاریگەر لە هەر وڵاتێکدا زۆر گرنگە. ئامانج لە دانیشتنەکان تەیارکردنی دەزگاکانی چەسپاندنی یاسا و هەواڵگری عێراقە بە تەکنیکە گونجاوەکان و دروستکردنی ئاراستەیەکی بیرکردنەوەیە لەنێو بەشداربووان کە دان بە سوودە ئاشکراکانی زنجیرەیەکی بەهێز و شەفافی چەسپاندنی یاسادا بنێت، لەگەڵ گرنگیدان بە کارامەییە پراکتیکیەکان و جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەکاری یاسایی.
چی وایکردووە کە هەماهەنگی نێوان دەستەی ڕاوێژکاری و ستافی بەرنامەی CT JUST و وەزارەتی ناوخۆ ئەوەندە بەرهەمدار بێت؟
بەهێزی ئەم بەرنامەیە لەوەدایە کە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتەوە لە عێراقدا پاڵپشتی دەکرێت، بەڵگەی ئەم پاڵپشتیەش ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای بەڕێوەبردنی وەزارەتی ناوخۆیە لە کاتی مەراسیمی دەستپێک و کۆتاییهێنان بە خولەکاندا. چونکە دەبینرێت کە ئێمە وەک دەستەی ڕاوێژکاری زانیارییەکانمان لەسەر وڵاتەکە لەگەڵ شارەزایی بەرفراوانی پسپۆڕانی بەرنامەی CT JUST تێکەڵ دەکەین بۆ گەیاندنی سوود بە بەشداربووان.
ئاستی بەشداریکردن و کارلێکی بەشداربووان لەگەڵ خولەکاندا چۆنە؟
بە کۆی گشتی ٦٠ ئەفسەری پۆلیسی عێراق بەشداری خولەکان دەکەن و ئاستی ئامادەبوون لە دانیشتنەکان زۆر باشە. هەروەها پابەندبوونی بەشداربووان و بەشداریکردنیان لە کاتی دەرخستەکان و مەشقە بە کۆمەڵەکاندا پاڵنەرێکە بۆ ئێمە وەک ئاسانکار و دەستپێشخەر، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ناوەڕۆکەکە بە تەواوەتی ئەوەیە کە چاوەڕێی دەکەن و ئەم ڕاهێنانانە بەڕاستی پێویستن. بەشداربووان پاشخانێکی زانیاری تۆکمەیان هەیە کە لەسەری بنیات بنێن و ئەم ڕاهێنانە تایبەتمەندە یارمەتیان دەدات بۆ باشترکردنی شێوازەکانی کارکردنیان و تێگەیشتنیان لەو کارە ئاڵۆزانەی کە دەبێت لە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکان جێبەجێبکرێن.