دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا (EUAM) لە عێراق گەشتێکی دیراسەکردنی بۆ هۆڵەندا ڕێکخست بۆ هاوبەشە عێراقییەکان تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا (EUAM) لە عێراق لە گەشتێکی دیراسەکردندا بۆ هۆڵەندا یاوەریی لێپرسراوانی باڵای عێراقی کرد کە ئەرکیان داڕشتن وڕابەرایەتییکردن وجێبەجێکردنی ستراتیژی عێراقە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. ئامانجی سەردانەکە زیاترکردنی کاریگەریی و بەردەوامییدان بە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی عێراق بوو لە ئیدارەدانی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت گەشتەکە بەو جۆرە لێی بڕوانرێت کە ئەنجامێکە بۆ هەڵوێستی حکومەتی عێراق کە بەم دواییه ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانی لە سەرەوەی ڕیزبەندیی کارنامەی سیاسییدا داناوە. هەر بۆیە دەزگای سەرەکیی هاوکاری دەستەکەش بۆ ڕایی کردنی ئەرکەکان لەم بوارەدا فەرمانگەی عێراقیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان وماددە دەروونییەکانە (DANPS).
ئاڵوگۆڕی گرنگ لەگەڵ دامەزراوەگەلی سەرەکیی لەمەڕ ستراتیژەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
وەك پشتیوانییەك بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان وماددە دەروونییەکان، سەردانەکە ئاڵوگۆڕی لەخۆگرت لەگەڵ دەزگا سەرەکییەکان کە بنکەکانیان لە هۆڵەندایە لەوانە ئەکادیمیای پۆلیسی هۆڵەندا وپەیمانگای نیشتمانیی پزیشکی دادوەریی پۆلیس وسەنتەری هەرێمیی زانیاریی وشارەزایی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو ویۆرۆپۆل و پەیمانگای تریمبۆس کە دامەزراوەیەکە ئەزموونێکی فراوانی هەیە لە ڕێبازی زانستیی هاوسەنگ وسەرکەوتوو وسەلمێنراو لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکاندا. بە بنیاتنان لەسەر ئەو زانیارییانەی پێشتر پێشکەشکرابوون، لێپرسراوانی عێراق هەڵسەنگاندنێکیان پێشکەشکرد بە هاوتا هۆڵەندییەکانیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای وڵاتەکەیان لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە میانی وێبینارە جیاوازەکاندا پێشکەشکرابوون.
گەشتی دیراسەکردنەکە بەرهەمی ٧ وێبینار بوو لە بەغداد کە بەشێوەی کەسیی ئەنجامدران
ڕاوێژکاری ستراتیژیی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا (EUAM) لە عێراق لە بواری تاوانی ڕێکخراو/ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا وتی: "گەشتی دیراسەکردنەکە بەرهەمی کۆتایی حەوت زنجیرە وۆرك شۆپ و وێبینار بوو کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە بەغداد ئەنجامدرا وبەشداربووان بە شێوەی کەسیی ئامادەی بوون و هەریەکێکیش لەو وێبینارانە تایبەت بوو بە تەوەری پەیوەندیدار بە ستراتیژی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا کە لە ئەنجامی ماددە هۆشبەرەکانەوە سەرهەڵدەدەن". وا بڕیاریشە وەك تەواوکارییەك بۆ سەردانەکە چالاکیی زیاتر هەبێت لە عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی چۆن بە باشترین شێوە ئەو زانینەی بەدەستهاتووە لەگەڵ ناوکۆی عێراقدا بگونجێنرێت و پەیڕەوبکرێت. هاوکات دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا (EUAM) لە عێراق یەکانگیر لەگەڵ ئەرکەکەی، ڕاوێژ دەدات بە لێپرسراوانی باڵای حکومەت سەبارەت بە چالاکییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی (NSS) و ستراتیژە سەرەکییەکانی وەك ستراتیژی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان.